top of page

هەنگاوەکانی ئامادەکردنی (پرۆپۆزەڵی کار)

  • کوردۆ جەمال
  • Mar 23, 2017
  • 2 min read

نمایشکردنی بیرۆکەیەک بۆ کەسێک یان لایەنێک بەمەبەستی بەدەستخستنی پاڵپشتی دارایی یەکێکە لە هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ لەدایک بوونی بیرۆکەکانت. بۆیە پێویستە رەچاوی رێگایەکی زانستی و سەرکەوتوو بکەیت بۆ ئەوەی بتوانیت متمانەی بەرامبەرەکەت بەدەست بهێنیت کە بیرۆکەکەت سەرکەوتوو.

بەتایبەت لە ئێستادا و دوای ئەوەی بەرنامەی (هەنگاوی یەکەم)ی کەناڵی NRT ئەو بوارەی رەخساندووە، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێیان هەیە کە دەیانەوێت (پرۆپۆزەڵی کار) ئامادە بکەن بۆ ئەم بەرنامەیە. شێواز و رێگا زۆرن بۆ ئامادەکردنی پرۆپۆزەڵی کار، بەڵام دەکرێت ئەم هەنگاوانەی خوارەوە پیادە بکەیت بۆ نوسینی پرۆپۆزەڵەکەت بە شێوازێکی سەرکەوتوو.

لاپەرەی تایتڵ: لەم لاپەرەیەدا ناوی خۆت، ناوی کۆمپانیاکەت (ئیفتیرازی)، ناوی ئەو کەس و لایەنەی کە پرۆپۆزەڵەکەی پێشکەش دەکەیت، هەروەها بەرواری پێشکەشکردن. ناوەرۆکی پرۆپۆزەڵ: دوای تەواو کردنی بەشەکانی دەگەرێیتەوە سەر ئەم بەشەو ناونیشانی بەشەکانی پرۆپۆزەڵەکە دەنوسیت.

کورتەی پرۆژە: بیرۆکەی کارەکەت لەم بەشەدا بە جوانترین شێواز دارێژە کە ببێتە هۆی فرۆشتنی ئەو بیرۆکەیەی پێتە. پێویستە وا ئەم بەشە بنوسیت کە تەنها بەم بەشە بتوانیت بەرامبەر قەناعەت پێ بکەیت بەوەی ئەو بەرهەم و خزمەتگوزاریەی پرۆژەکەی تۆ پێشکەشی دەکات زۆر پێویستەو پرۆژەیەکی سەرکەوتوو دەبێت.

بەشی شیکاری گرفتەکە: لە پاش کورتەی پرۆژەکەت، لەم بەشەدا بە ووردی باسی ئەو گرفتە دەکەیت کە کریار/بەکاربەر لە ئێستادا رووبەرووی بۆتەوە. بیر بکەرەوە لەوەی کە پرۆژەکەی تۆ چ جۆرە بەهایەکی هەیە لە چارەسەرکردنی ئەو گرفتەدا. واتە، ئەو کارەی کە تۆ دەتەوێت دەستی پێ بکەیت، چارەسەری کام گرفتە دەکات کە کریار/بەکاربەر هەیەتی؟ ووردبوونەوە و شیکاری گرفتەکە تێگەیشتنی تۆ زیاتر دەردەخات بۆ پرۆژەکەت. دەتوانیت باسی ئەو چارەسەرانە (واتە کاڵاو خزمەتگوزاری)یانە بکەیت کە لەلایەن کۆمپانیاکانی ترەوە پێشکەش دەکرێن و چۆن ئەوەی تۆ جیاواز دەبێت لەوەی ئەوان.

چارەسەرو میتۆدۆلۆژی: لەم بەشەدا ئەو چارەسەرە دەخەیتە روو کە پرۆژەکە نوێیەکەت پێشکەشی دەکات. ئەو بەرهەمە یان خزمەتگوزارییە کامەیە کە چارەسەری گرفتی کریار/بەکاربەر دەکات. هەروەها پێویستە بیخیتە روو کە چۆن ئەو بەرهەم و خزمەتگوزاریەی تۆ چارەسەرە. واتە وەڵامی هەردوو پرسیاری (چی و چۆن؟) دەدەیتەوە سەبارەت بە پرۆژەکەت. مەرج نیە بە درێژی باسی هەموو ووردەکاریەکانی بەرهەمەکە و خزمەتگوزاریەکەت لێرەدا بکەیت.

چیان پێ دەفرۆشیت؟ واتە بەرهەم و خزمەتگوزاری کۆتایی چیە کە دەگاتە دەست کریارەکانت؟

کریارەکانت/بەشداربوانت کێن؟ واتە بەرهەم و کاڵاکەت بە کێ دەفرۆشیت؟ تەمەنیان، رەگەزیان، داهاتیان، کاریان، شوێنی نیشتەجێبوونیان، هەر زانیاریەکی تر کە دەستنیشانێکی ووردی کریارەکانت بکات. چۆن دەگەیت بە کریارەکانت؟ واتە رێگاکانی فرۆشتن و ساغکردنەوەی کاڵاکانت چین؟ لە کوێدا کریارەکانت دەستیان دەگات بە کاڵاکانت؟

لێهاتوویەکانت: ئەم بەشە ئەو هەنگاوەیە کە پێویستە بەرامبەر قەناعەت پێ بکەیت کە بۆچی تۆ شیاوترین کەسی ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکەیت. دەتوانیت باسی خوێندن و کاری پێشینەو لێهاتوویەکانت بکەیت.

خشتەو بەرنامەی کار: پێویستە لە رێگای خستنە رووی کاتی پێویست بۆ ئامادەکردنی پرۆژەکەت بەرامبەر قەناعەت پێ بکەیت کە بە ووردی ئامادەکاریت کردوە بۆ پرۆژەکە. ئەگەر پرۆژەکەت بریتیە لە بەرهەمهێنانی کاڵایەک، ئەوا مەرج نیە ئەم بەشە بنوسیت، چونکە ئەوە کاری کارگەکەیە کە دایدەمەزرێنیت.

تێچوون و پارە: لەم بەشەدا پێویستە باس لە ووردەکاری تێچوونەکانی پرۆژەکە بکەیت. هەروەها خشتەی تێچوونەکان دابنێیت بۆ بری پێویستی پارە بە پێی هەنگاوەکانی پرۆژەکەت.

کاروباری یاسایی: هەر رێکار و هەنگاوێکی یاسایی کە پێویستە بۆ دەستپێکردنی پرۆژەکەت پێویستە لەم بەشەدا بیخەیتە روو، وەک مۆڵەت و هتد.

قازانج: ئەمە کۆتا بەشی پرۆپۆزەڵەکەتە، بەڵام لە رووی گرنگیەوە لەوانی تر کەمتر نیە. لەم بەشەدا پێویستە باسی ئەوە بکەیت کە بە چەند پێیان دەفرۆشیت؟ واتە نرخی فرۆشی کاڵاو خزمەتگوزاریەکەت چەندە؟ دەتوانیت درێژەی بدەیتێ بۆ هەموو جۆرەکانی کاڵاو خزمەتگوزاریەکانت. هەروەها ئاستەکانی نرخ بۆ فرۆشی تاک و فرۆشی دابەشکردن و فرۆشی بە کۆمەڵ. ئەگەر توانیت، لە کۆتا قۆناغدا خشتەی (دەرخستەی دارایی) بۆ پرۆژەکەت ئامادە بکە کە تێچوونەکان و فرۆش و قازانج لە خۆ دەگرێت.


Comments


چیرۆکی کارا تایمز

کارا تایمز گۆڤارێکی تایبەتە بەو بابەتانەی کە لە بواری کارو گەشەپیدانی تواناکان و گەشەپێدانی دامەزراوەیی دا لەلایەن کەسانی شارەزا لەو بوارەدا نوسراوە.کارا تایمز بۆ ئەوە دامەزراوە ببێتە جێگایەکی تایبەت و سەرچاوەیەک کە هەموان کۆبکاتەوە لەو بوارانەدا.  تۆش دەتوانیت بەشداربیت لەم خزمەتەدا بە ناردنی بابەت و بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی ئەم گۆڤارە.

ADDRESS
2/5  Vania Palace, Malik Mahmood Str.
Sulaymaniyah, Iraq 

CONTACTS
Email: karamaxiq@gmail.com
Phone: +964 (0) 770 979  0001

هەموو بابەتەکان دەربرینی خاوەنەکەیانن. گۆڤاری کارا تایمز بەرپرس نیە لە ناوەرۆکەکەی

ناونیشان
٢/٥ ڤانیا پالاس، شەقامی مەلیک مەحموود
سلێمانی، عێراق
پەیوەندی
ئیمەیڵ: karamaxiq@gmail.com
تەلەفۆن: ٠٧٧٠٩٧٩٠٠٠١

Copyright (c) 2016 KARA MAX. Terms of Use | Privacy Policy

KaraTimes © Copyright
bottom of page